وەڵامدانەوەی خۆپیشاندانی مەدەنی و داوای رەوای خەڵک بە تانک و زرێپۆش شەرمەزار دەکەم
بەداخەوە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا گوێبیستی رووداوی رەشبگیری و کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاوڵاتی بووین لە گوندی لاجانی سەر بە گوێڕ لە پارێزگای هەولێر کە تێیدا خەڵکی ناوچەکە بۆ داواکردنی سەرەتاییترین مافی خۆیان تەنیا پەنایان بۆ خۆپیشاندانی مەدەنی بردبوو.
وەڵامدانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مەدەنییانە بە چەک و رووبەڕوبوونەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی بە تانک و زرێپۆش نەک تەنیا پێویستە مەحکوم و شەرمەزار بکرێت، بەڵکو دژی بنەماکانی ئازادی و مافی مرۆڤە و ئەو رەهەندە نامرۆڤانەیە نیشاندەدات کە ئاکار و خوڕەوشتی هێزی ئاسایش و ئەرکە پیرۆزەکەی کە پارستنی گیانی هاوڵاتییانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوەی زیاتر خەڵک نیگەران و توڕەدەکات، دووفاقی و هەڵوێستی نابەرپرسانەی ئەو هێزەیە کە رۆژێک فرمێسکی تیمساحی بۆ کوشتنی چەکدارێک دەڕێژێت کە رووبەڕووی هێزی فەرمی حکومەت بووەتەوە و رۆژێکی دیکە خۆی بە تانک و زرێپۆش رووبەڕووی خۆپیشاندانی مەدەنی دەبێتەوە و زیندانەکانیشی پرکردووە لە رۆژنامەنووس و چالاکوان.
هیوادارم بەرپرسانی ئەمنی ئەو دەڤەرە لەبری چاوسوورکردنەوە و هەڵکوتانە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی، رێز لە داواکارییەکانیان بگرن و بە گوێرەی یاسا و مافە مەدەنییەکان وەڵامیان بدەنەوە.
شنیار ئەنوەر
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
٣٠

