چارەسەری پرسی مووچە بەکێ دەکرێت؟
شنیار ئەنوەر
ئێستا تەیف سامی نوسراوی کردووە گوایە پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەی عێراق “تەواو” بووە.
ئێمە وەک یەکێتی حزبێکی عەقڵانین، حیکمەتی قوتابخانەی تاڵەبانی دەتوانێت کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکات. ئەزمونیش ئەوەی سەلماندووە، ئێمە لەبری هەڕەشەی بەتاڵ و سوکایەتیکردن بە بەرامبەر، حیکمەتی دانووستان و رێزگرتن بەکاردێنین، لە کاتی شەڕ و پەلاماردانیش، هەڵۆیین و هەڵنایەین.
ئێمە بۆمان دەرکەوت کە وەرگرتنی مووچە لەرێگەی “هەژماری من” هیچ کاریگەرییەکی نییە و شتێکی تەکنیکی و ئەلکترۆنییە بۆ رێکاری مووچە، بەتایبەت دوای ئەوەی یەکێتی گۆرانکاری گرنگی لە ناوەرۆک و رێکارەکانی پرۆژەکە کرد، وە لە ئایندەشدا کاری جددی بۆ ئەوە دەکەین کە بابەتی سولفە و قەرزی بانقەکان فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتەوە.
بەهەمانشێوە رێکاری پێدانی موچە لە عێراقدا هێشتا بەشێکە لە یاسای بودجە و جیاکردنەوەی پشکی هەرێم، واتە مووچە جیانەکراوەتەوە وەک موچەخۆرانی عێراق، بۆیە تەوتینیش گەرەنتی وەرگرتنی موچە ناکات لە کاتی خۆیدا هەتا پرسی نەوت و بودجە چارەسەر نەکرێت.
وەک یەکێتی هەمیشە پشتیوانی ئەوەین رێکەوتنێنی هاوسەنگمان لەگەڵ بەغداد هەبێت لەسەر نەوت و بودجە و داهاتی ناوخۆ، دژی بەکارهێنانی زمانی هەرەشە و ئیفتیزازکردنی بەغدادین.
هەتا ئێستا پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەبووە، وەک پێشتریش باسمکردووە ئەم کێشانە و قەیرانانە لەگەڵ بەغداد لە دوای تێکچونی باڵانسی هێز لە کوردستان تێکچووە، کە پارتی کرا بەزۆرینە و پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغداد لەو رۆژەوە کەوتۆتە قەیران، بە هەوڵی یەکێتی زۆرکات قەیرانەکان رەویونەتەوە، بەڵام چارەسەری کۆتایی بەوە ئەبێت یەکێتی بکرێتەوە بە زۆرینە و حیکمەتی قوتابخانەی تاڵەبانی دەتوانێت ئەم گرفتانەی ئێستا لە نێوان بەغداد و هەولێر چارەسەر بکات.
پێموایە رۆژ بە رۆژ هەموان زیاتر هەست بەو راستیە ئەکەن کە چارەسەر پشتیوانیکردنی یەکێتی و کردنیەتی بە
زۆرینە، بەوەش گرفتێک بەناو مووچەوە نامێنێت و کوردستان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی مەزنی خۆی