دوو جۆر مرۆڤ هەن؛ یەکێکیان بەرگەی شکست ناگرێت، بەڵام ئەوەی دووەمیان کە مەترسیدارترە، ئەوەیە کە بەرگەی سەرکەوتن ناگرێت و زوو شاگەشکە ئەبێت.
کاتێک نامۆ فازڵ بردیەوە، هەموو خەڵکی کوردستان بە دڵ پاڵپشتییان کرد. کاتێک ئاڵای کوردستانی خستە سەر شانی و هاواری کرد "من کوردم"، هەمووانی سەرسام کرد و بووە جێگەی شانازی. لەو کاتەشدا ئێمە وتمان: تەمشا بکەن، حکومەتی هەرێم لە واشنگتۆنی پایتەختی ئەمریکا، بەو هەموو بودجە و پارە چەورەی لەبەردەستیدایە، نەیتوانیوە نیوەی نامۆ فازڵ لەسەر پرسی کورد کاربکات.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، نامۆ بەرگەی سەرکەوتنەکەی نەگرت. هاتووە بە شان و باڵی دامەزراوەیەکی کوڕەکەی سەرۆکی حکومەتدا هەڵئەدات! بێئاگا لەوەی کە پاڵپشتی و خۆشەویستیی خەڵکی کوردستان زۆر لەدەست لەپشتدانی کوڕ و باوکی دەسەڵاتدارەوە گەورەترە. بەشان و باڵ هەڵدانی ئەوانەک خەڵکیان برسی کردوەو، دەنگی حەقیان لە کونجی زیندان بەند کردوەو، کوردستانیان توشی قەرزاری و نەهامەتی کردوە کارەساتە.
شنیار ئەنوەر

