کەیسی شەهید غەزاڵ و بەدگومانی چەواشەکاران
شنیار ئەنوەر
ئازیزانم، زۆر شت لەسەر کەیسی شەهید غەزاڵ گوتران و نوسران، من وەک ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان بڕایەمدا بەدواداچوونی ورد لەسەر ئەو کەیسە بکەم.
خۆشبەختانە، پێش من بەشێک لە خەڵکی رۆشنبیر و چالاکوان و ویژدان زیندوو وەڵامی بەشێک لەو تۆمەت و قسەو قسەڵۆکانەیان دایەوە کە سەرچاوەکانیان دیارە و ئامانجەکانیشیان دیارە کە ناشیرینکردنی هەڵوێستی جوامێرانە و نەتەوەییانەی خەڵکی سلێمانی و دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە بۆ پرسی کورد و بەشەکانی دیکەی کوردستان.
لەسەر ئەم کەیسە بەدواداچوونی وردم کرد و گەیشتمە ئەم دەرئەنجامانەی خوارەوە:
یەکەم/ ئەوە راست نییە کە گوترا هیچ نەخۆشخانەیەکی سلێمانی ئامادە نەبووە چارەسەری شەهید غەزاڵ بکات بە برینداریی، بەڵکو نەخۆشخانەی شۆڕش چارەسەری سەرەتایی بۆکردووە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی دیکەی کردووە، هاوکات لە نەخۆشخانەی فاروقیش پێشوازی کراوە و پزیشکەکان هەوڵی تەواوەتییان لەگەڵ داوە، بەڵام گیانی سپاردووە ( بە سوپاسەوە برادەرانی کۆمەڵە خۆیان لێدوانیان لەم بارەیەوە داوە).
دووەم/ ئەوەی گوترا گوایا پۆلیس بە نوسراو داوایکردووە چارەسەری بریندارانی هێرشی مووشەکی نەکەن، درۆیەکی شاخداربوو، نوسراوەکەی پۆلیسی سلێمانی کە لە میدیاکانیش بڵاوکراوەیە، دوور و نزیک پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە و داواکارییەکی لەو جۆرەش نەکراوە، بەڵکو پۆلیس، تەنیا داوای ئەوەی کردووە کە پێویستە لایەنی لێکۆڵینەوە و پۆلیس ئاگاداربکرێنەوە لە گواستنەوە و دەرچوونی ئەو بریندارانەی کە پەڕاوی دادوەرییان هەیە. داواش دەکات چارەسەری هیچ بریندار و نەخۆشێک نەکرێت کە تایبەت بێت بە کەیسی پۆلیس. کەیسی شەهید غەزاڵ کە بەهۆی هێرشی مووشەکییەوە بووە هیچ پەیوەندی بە کەیسی پۆلیسەوە نەبووە و ئەو نەخۆشخانەیەی کە بەم بیانووە چارەسەری نەکردووە تەنیا کارێکی نا ئەخلاقی و ناپیشەییان ئەنجامداوە و تۆمەتبارکردنی لایەنی دیکە کارێکی چەواشەکاریی بووە.
سێیەم/ ئەوەی کە گوترا گوایا رێگەنەدراوە لە تەرمی پیرۆزیان لە مزگەوتەکان بشۆردرێت و گوایا خەڵکی سلێمانی گرنگییان بەم شەهیدە نەداوە و مەڕاسیمی جەماوەرییان بۆ رێکنەخستووە هیچ راستییەکی تیانییە و بەڵکو هاوڕێ و هاوخەباتەکانی خۆی جەختیان کردووەتەوە لەبەر ئەوەی گواستنەوەی تەرمەکە زۆر ئاشکرا نەبێت، لە هیچ ئۆرگانێک یان لایەنێک داوای ئامبۆڵانسیان نەکردووە، بە باشیان زانی بۆ ڕەچاوکردنی دۆخی ئەمنی، بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی تەرمەکە بگوازرێتەوە. هەروەها ئەوەشیان گوتووە مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران ئامادەکراوە بۆ شتنی تەرمەکە بەڵام دواتر لەبەر هەمان حاڵەتی ئەمنی بڕیارەکەیان گۆڕیوە.
چوارەم/ بەداخەوە بەشێک لە چالاکوان و رۆشنبیرانیش وەدووکەوتن و لەبری بەدواداچوونی راستییەکان کەوتنە داوی هەڵمەتی چەواشەکارییەکانی ئەو لایەنەی کە چاوی بە رۆحیەتی نیشتیمان پەروەریی و ئاستی رۆشنبیری خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە هەڵنایەت و لەناو گێژاوی غروریەت و بنەماڵە پەرستیدا چەقیبەستووە و لە بواردا قولی رەش و شکاوی کوردایەتییان دەرکەوت.
سوپاس بۆ خودا و خەڵکی کوردستان، رۆشنبیران و چالاکوانانی سلێمانی و دەوروبەری وەڵامی چەواشەکارییەکانی میدیا زەبەلاحەکەی پارتییان دایەوە و کە ئامانج و مەبەستی تەنیا بێ نرخکردنی هەڵوێستی نیشتیمانپەروەری خەڵک و دەسەڵاتی ئەم ناوچەیەیە.
سەرشۆڕی بۆ چەواشەکاران و دوژمنانی کورد
سەربەرزی بۆ شەهیدان و هەڵوێستی جەماوەر و دانیشتوانی شاری هەڵمەت و قوربانی
شنیار ئەنوەر
18/4/2026

