نابێت ڕێگە بدرێت گەنجانی کوردستان لەبەر بێکاریی ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن
ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی، شنیار ئەنوەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی سەوز پێشوازی لە دوو گەنجی کارای خاوەن پرۆژە کرد.
داواکاریی و بیرۆکەی ئەم گەنجانە لە گفتوگۆیەکی چڕوپڕی یەک کاتژمێرییدا تاوتوێکران و شنیار ئەنوەریش پشتیوانی خۆی بۆ هەموو داواکارییەکانیان خستەڕوو.
پرسی دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و پەرەپێدانی ئەو پرۆژانەی دەرفەتی کار بۆ گەنجان دروستدەکەن تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو تێیدا شنیار ئەنوەر بەڵێنیدا پشتیوانی هەموو ئەو پرۆژانە بکات کە بەشێوەیەکی یەکسان دەرفەتی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێنن.
لەوبارەیەوە شنیار ئەنوەر ڕایگەیاند، نابێت ڕێگەبدرێت گەنجانی کوردستان لەبەر بێکاری ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن و لە خێر و بێری وڵاتەکەیان بێبەش بکرێن.
جەختیشی کردەوە هەر هێز و لایەنێک ئاوڕ لە گەنجان نەداتەوە و دەستی هەبێت لە ڕاوەدوونانی گەنجان بۆ وڵاتانی دیکە لەناو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا خۆی دەبینێتەوە.

